پێشەوا قازی محەمەد -١٩٠٠-١٩٤٧

Saturday, March 31, 20120 comments



قازی محەمەد کوڕی قازی عەلی، کوڕی میرزا قاسم قازی-یە، ‌ساڵی ١٩٠٠ لەدایکبووە.
ھەر لە سەرەتای لاوییەوە ھەستی نیشتمانپەروەریی تێدا بەھێز بووەو زۆر حەزی بە خوێندنی زانستی کۆن و تازە ھەبووەو زۆر زوو لەم بارەیەوە پێگەیشتوەو زۆر ھەوڵیداوە زمانی بێگانانیش فێربێت، جگە لە عەرەبی ‌و فارسی لەگەڵ زمانی فەڕەنسەیی و ئینگلیزی، تا رادەیەکیش رووسی، ئاشنایەتی ھەبووە.
بنەماڵەی سابڵاغ نەک بەتەنیا لەلای خەڵک، بەڵکو لەلایەن دەسەڵاتداران ‌و بەرپرسانی میریش، جێگەی رێز بوون، ھەر بە بنەماڵە ئازادیخواز‌و نیشتمانپەروەر بوون.
لە شەڕی یەکەمی جیھانی دا پیاوی وەک میرزا فەتاحی قازی‌یان لە بەرەنگاریی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا لێ شەھید بوو، کوڕە لاوەکانیشی سالار ‌و محەمەد بەدیل گیران و بۆ شوێنە دوورەکانی رووسیای ئەو کات، رەوانەکران و تا شۆڕشی ئۆکتۆبر ھەر لە دیلی دا بوون.
قازی عەلی باوکی قازی محەمەد، لە ١٩٣٠ دا لە مەھاباد رێکخراوێکی کوردیی بەناوی بزووتنەوەی محەمەد پێکھێنا.
ناوبراو لەگەڵ جووڵانەوەی شێخ محەمەد خیابانی لە تەورێز پێوەندییان ھەبوو، تا ساڵی ١٩٣٤ یش لەسەر ئەو کارەبەردەوام بووە.


قازی محەمەد زۆری حەز بە تێکەڵاوی لەگەڵ خەڵکی ناسراو ‌و زانایانی رۆژگارو پیاوچاکان ‌و کوردانی نیشتمانپەروەر ‌و سەرۆک خێڵەکان ھەبووە.
دوای مردنی باوکی بوو بە قازی-ی شار، لەبەر ژیر‌ی زۆری بەکاری فەرھەنگی و بەرەوژوور بردنی زانیاریی خەڵک، لە ساڵەکانی بەر لە ‌١٩٤١ و دواتریش بۆ یەک دوو ساڵ بەرپرسایەتیی بەڕیوبەرایەتی فەرھەنگ ‌و ئەوقافی شاری مەھابادی بە ئەستۆوەگرتوەو خزمەتی بەرچاوی فەرھەنگی کردوەو لەکاتی بەرپرسایەتی ئەودا، یەکەم قوتابخانەی کچان لە مەھاباد کراوەتەوە.
ھەر لەو پێوەندییەش دا لەگەڵ زۆربەی خوێندکاران، رۆشنبیران ‌و مامۆستاکان زۆر نزیک بووە.

قازی محەمەد رێزی تایبەتیی بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی (ژێ کاف) ھەبووە.
لە چەند ساڵ دەورەی بێ میریی یش دا، واتا ساڵانی ١٩٤١ تا ١٩٤٥، ئەو ساتەی کۆماری کوردستان پێکھاتووە، بەڕێوبەرایەتی ئەو لە بەڕێوەچوونی کار‌وبارەکان دا، و بەتایبەتی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خێڵی نەقشی. زۆر لە دامەزرێنەرانی (ژێ کاف) گفتوگۆ و راپرسیان لەگەڵ کردوەو زۆریان خۆشویستوەو گەلێکیان ھەوڵ لەگەڵ داوە،‌ تا ببێتە ئەندامی (ژ ک).
زۆر لە گرێوگۆڵی کاری رۆژانەی خەڵک لە دیوانی ئەودا، ئەوەی مەحکەمەیان ناوبردووە، کراونەوە.
قازی لە ڕوانگەی نوێنەرانی بێگانەشەوە، ئەوانەی ئەو کات ئێرانیان لە نێو خۆیاندا دابەشکردبوو، رێزی تایبەتیی ھەبووە.
ھەر کەس چووەتە مەھاباد تێکۆشاوە بەر لە ھەموو کەس چاوی بە قازی بکەوێت. بانگکرانی بۆ سۆڤیەت ھەر لەم پێوەندییەدا بووە، کەلەگەڵ دەستەیەکی گەورە چووەتە باکۆ.


قازی محەمەد کە بوو بە ئەندامی کۆمەڵەی (ژ.ک) و ناوی نھێنیی (بینایی) بۆ دانرا، ئومێدێکی زیاتری بۆ بەرپرسان ‌و خەڵکی بنیادنا کرد.
لە ئاکامی لێھاتوویی رامیاری ئەو و بەڕەزامەندی گەیشتنی بەرپرسانی کۆمەڵەدا بوو، کە (ژ.ک) بوو بەپارتی ‌دیموکراتی کوردستان و وەک پارتێکی دیموکرات ‌و پێشکەوتوو دەستی بەتێکۆشان کرد.
قازی لەبەر رێزی تایبەتی، ئەوەی بۆ (ژ.ک) ی ھەبوو، بناغەی دامەزرانی پارتی دیموکرات-یشی ھەر بە ‌٢٥ ی گەلاوێژ بنچینەی دامەزرانی (ژ.ک) دانا.


پارت زۆر بەتوندی پەلوپۆی ھاویشت ‌و تێکۆشانی لە ھەموو ناوچەی ئازادی کوردستان دا پەرەیسەند.
قەیرانی بەزۆر لکاندنی کوردستانی بە ئازەربایجانەوە چارەسەرکرد‌و ناچاری کردن لێکدانەوەی جیاواز بۆ کوردستان بکەن.
بەدوای بەستنی یەکەم کۆنگرەدا، ١٩٤٦/٣/٣٠ بەبەشداریی نوێنەری پارچەکانی دیکەی کوردستان و مەلا مستەفای بارزانی و سەرۆک خێڵەکان ‌و نوێنەرانی ھەموو چین ‌و توێژەکانی کوردستان پێکھاتنی یەکەم کۆماری کوردستانی راگەیاند.
ئەگەر تا ئەودەم جارجار لە رۆژنامەی کوردستان دا بەناوی پێشەوا باسی لێ دەکرا، لەدوای دامەزرانی کۆمارەوە بەشێوەی ئاشکرا نازناوی پێشەوای پێبەخشرا‌و ئەو ناوەتا ئێستاش لەناو کۆڕ‌و کۆمەڵی خەڵکی دا ھەر باوە.


کاتێک پێشەوا لەلایەن قوام السلطنە بۆ تاران بانگھێشتدەکرێ ‌و لە ڕێکەوتی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ١٩٤٦دا دەچێتە تاران، لەلایەن ژمارەیەک لە شالیاران، نوێنەرانی پارلمان و نوێنەری کوردەکانی تاران و نوێنەری پارتەکان ‌و یەکێتی کرێکاران لە فرۆکەخانە پێشوازیی لێدەکرێت.
رۆژنامەی (ایران ما) ھەر ئەوکات دەنووسێت: ئێستا قازی محەمەد لە تارانەو ئازادیخوازان چاویان پێکەوتوە. دەردەکەوێت، کە بیر‌وڕای ئەو فەرمانڕەوایانی ئازادی ‌و دیموکراسیەت لە تەواوی ئێران دایە و مافی کۆمەڵایەتی ‌و رامیاری ‌و مرۆڤایەتی بۆ نەتەوەی کوردیش لەگۆڕێدایە. ھەر کارێکی بەسوودی دیموکراسیەت بێلایەن پێشەوای کوردستانەوە بەدڵەوە پێشوازی لێدەکرێت. ھیوادارین بەڕێزی قەوام لەو گەشتە مێژووییە کەڵکوەرگرێت.
ئەو لەکاتی ماڵئاوایی لەگەڵ مەلا مستەفا دەڵێ: من خۆم فیدای خەڵکی دەکەم ‌و ھیچ کات وەک پێشەوەری ‌و سەرانی ئازەربایجان ناکەم، تا وڵاتەکەم لە خوێن دا شەڵاڵ بێت ‌و ھەزاران کەس بەکوشت بچن.
پێشەوا‌و ھاوڕێیانی ئەوەندەی لە ماوەی یازدەمانگی کۆماردا ھەوڵیاندا، ھەر ئەوەندەش لەو دادگا فەرمایشییانەی بۆ موحاکەمەکردنیان داندرا بوو، لەخۆبردوویی ‌و ئازایەتییان لەخۆیان نیشانداوە.


لە بەرەبەیانی ١٩٤٧/٣/٣١ دا پێشەوا قازی، حەمەحوسێن خان سەیفی قازی ‌(ئامۆزای پێشەوا) ‌و ئەبولقاسم ‌ سەدری قازی ‌(برای پێشەوا) بەدوای فەرماندران لە دوو دادگای نایاساییە و فەرمایشی دا بەدەستی دوژمنانی گەلی کورد لە چوارچرای شاری مەھاباد، واتا ھەر لەو شوێنەی ١٩٤٦/١/٢٢ کۆماری کوردستانی لێ راگەیەندرابوو، لەسێدارەدران و شەھیدکران ‌و ھەر ئەو رۆژە لەسەر شان ‌وبەدەستی خەڵکی مەھاباد لە گۆرستانی مەلا جامی بەخاک سپێردران.
قازی محەمەد لەپای سێدارەدانی رێگای نەدا چاوی ببەستن و وتی: "حەز دەکەم لە دواھەمین چرکەی ژیانیشم دا بەسەربەرزی ‌و چاوی کراوەوە لە نیشتمانی خۆشەویستم بڕوانم".






Share this article :
 
Support : Creating Website | Johny Template | Mas Template
Copyright © 2011. Duhok one - All Rights Reserved
Template Created by Creating Website Published by Mas Template
Proudly powered by Blogger